بەهرەی نووسین دەقیق واتە چی؟ چۆن بزانم بەهرەی نووسینم هەیە یاخود نە؟
- Brwa Rueya
- Apr 2, 2022
- 3 min read
Updated: Apr 5, 2022
بەهرەی نووسین واتە ئەوەی تۆ بتوانی شتێک بنووسی، ئەمە ئیتر کورتە چیرۆکێک بێت یان نووسێنێک بێت هەر بۆ دڵی خۆت. ئیمە قاڵب و فۆرمی جیاوازمان هەیە لە نووسیندا، تۆ دەتوانی خۆت هەڵبسەنگێنی بزانی دەتوانی لە کام قاڵبدا بەهرەی نووسینت هەیە. چیرۆک، فیلمنامە، شانۆنامە...
ئەگەر پێیان وتن توانای باشت هەیە لە گێرانەوەی چیرۆکدا، ئەوە بەمانای ئەوە نییە نوسەرێکی باشی.
ئەگەر پێت بوترێ ئەتوانێ ژانری کۆمیدی باش نیشان بدەی، ئەوا بەمانای ئەوە نییە نووسەریکی باشیت.
بۆچی؟
چونکە دەبێت فێربین کە هەموو شتێک تایبەتمەندە و دەبێت ڕێز لە شارەزایی و شارەزایان بگرین و لەوەش گرنگتر فێر بین کە ئامرازی نووسین، زماننە.
زمانی نووسین نەک قسەکردن: وشەکان، ڕستەکان، فەرمانەکان، هەموو ئەو شتە بچووک و درشتانەی کە لە نووسیندا بەکاریان دەهێنین.
کەواتە ئەگەر پێت بوترێت بەباشی دەنووسیت یان دەقەکەت سەرنج ڕاکێشە یان هەر پێناسەیەک کە دەقەکەت لەخۆی دەگرێت، دەتوانیت هیواخوازبیت کە ئەگەری بوون بە نووسەر لەسەر ڕێگای ژیانت دابنێیت. بەڵام نە ڕێگایەکی زۆر ئاسانە، نە ڕێگایەکی زۆر قورس. هەر دووکیان و هەموو شت پەیوەستە بە خۆتەوە.
چۆن بزانم بەهرەیی نووسینم هەیە یان نە؟
وەڵام/ وەرە تاقیبکرەوە.
شتێک بنووسە. ڕوداوێک بگێڕەوە، یادگارییەکی خۆت، گفتوگۆیەک... تا نەنووسی، تێناگەی و نازانی ئایا بەهرەت هەیە یان نە. بینووسە و بیدە بە کەسانی دوورو بەرت تا بیخوێننەوە و ڕای خۆیانت پێ بڵێن.
ئایا نووسین دەتوانی تەنیا پشت بە بەهرە ببەستێت؟
ڕاستییەکەی ئەوەیە ئێمە ناتوانین ئاوا بڕیارێک بدەین؛ بەڵام دەتوانین بڵێین ئەگەر کەسێک تەنیا بە پشتبەستن بە بەهرەکەی، بیەوێت توانای نووسینی پێش بخات، ڕەنگە سەرچاوەی ئەو بەهرەیە لە شوێنێک وشک بێت.
بەشێوەیەکی گشتی ئەم مۆدێلە لە نووسین، دەکرێ ئەم کێشانەی بۆ دروست بێت.
١- دووبارە بوونەوەی بابەتەکان.
٢- خاڵی بوونەوەی مێشک و نەمانی بیرۆکەی نوێ.
٣- سنووردار دەبێت لە بەکارهێنانی وشەدا.
٤- کەمی داهێنان.
٥- وازهێنان لە نووسین بەشێوەکی گشتی.
بەڵام ئەگەر نووسەرێک دەست بکات بە ناسینی تەکنیک نوێ و ئەنجامدانی ڕاهێنانی جۆراوجۆر، ئەوا دەتوانێت بەردەوام لە ڕێڕەوی نووسیندا پێش بکەوێت و دەرگای نوێ بکاتەوە بەڕووی خۆیدا.
کەوایە گرنگ ئەوەیە تۆ چ بەهرەت هەبێ و چ بەهرەت نەبێت، هەوڵ بدە لە بوارێکدا تەواو شارەزا بیت. هەروەها بەردەوام هەوڵی ئەوە بدە داهێنانی تێدا بکەیت. کاتێ لەم ڕێگادا هەنگاو دەنێیت، ئەوا بە شێوازی نوێ ئاشان دەبیت. هەروەها قەرەبووی نەبوونی بەهرەشت بۆ دەکاتەوە.
داهێنەر چییە کە ئەوەندە بە نووسەران دەڵێن داهێنەر بن؟
جیاوز لە بەهرە، داهێننەر بوون یان توانای داهێنان، کۆمەڵە تایبەتمەندییەکە یان تەکنیکێکە، تۆش دەتوانی فێریان ببیت لە ڕێگای جیاواز جیاوازەوە. هەموو ئەوەی پێویستە بیکەی، ئەویە بەردەوام بیت و ڕێگە نەدەی بوەستیت. چوون داهێنان شتێکە کە بە درێژایی کات و لە ڕێگەی پراکتیکی بەردەوامەوە بەدەست دەهێنرێت.
ئەڵبەتە توانای داهێنان دوای ئەوە بەدەستی دەهێنی، ئەوا دەکرێ لەدەستیشی بدەی؛ یانی دەکرێ ماوەیەک توانانی باشت هەبێت و بەشێوەکەی ناوازە بنووسیت، بەڵام ئەگەر بەردەوام نەبیت لە ڕاهێنانکردن و هەوڵدان، ئەوا لەناکاوێکدا دەبینی لەدەستت داوە. مێشکتان بە تێپەڕبوونی کات هەموو ئەوەی هەیەتی لەدەستی دەدات و دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆتینە کۆنەکەی.
داهێنەربوون(خلاقیت) چ سودێکی هەیە؟
١- فراوانکردنی توانای مێشک.
٢- تاقیکردنەوەی ئەو شتانەی کە پێشتر وا بیرت دەکردەوە لە توانای تۆدا نییە.
٣- ئازادکردنی مشێک لە کڵێشەیی.
٤- ئەزمووکردنی شێوازی زیاتر و زیاتر.
٥- هەمەجۆری لە پەخشان و بەکارهێنانی وشەدا.
٦- بیرۆکەی نوێ دەڕژێتە مێشکتەوە.
٧- هەبوونی ڕوخسارێکی نوێ بە نووسینەکانتەوە.
کەوایە خەلاقیەتی شاکلیلی تۆیە لە دنیایی نووسیندا، بۆیە باش ئاگاداری ببن.
چەند ڕاهێنانێک بۆ بەهێزکردنی داهێنان لە نووسیندا:
١- چیرۆکێک بخوێنەرەوە و پاشان لەسەر بنەمای بیرۆکەی نووسەر، چیرۆکێک بنووسە.
٢- سەرەتای چیرۆکێ یان ڕۆمانێ بنووسە کە بە گشتی یەک پەرەگرافە دەکات. پاشان خۆت درێژەی پێ بدە، هەوڵبدە بەهەمان لەحن و شێوازی نووسەرەکەی، تۆش بەردەوامی پێ بدەیت.
٣- ژانەری جیاواز تاقیبکەرەوە. گەر هەمیشە ئاشقانە دەنووسی، ئەوا ئەمجارە چیرۆکێکی ترسناک بنووسە.
٤- لەسەر بنەمای وێنەیەک بنووسە. جۆرێکە لە نووسینیش ئەمەش وێنەیەک دەسنیشان دەکەی کە سادە نەبێت. بۆ نموونە کەسێ یان دوو کەس لەوێنەکەدا ببن. ئیدی هەوڵ دەدەی خۆت چیرۆکێکی بۆ دروست بکەی.
٥- کارەکتەری جیاواز هەڵبژێرە بۆ چیرۆکەکەت.
٦- وشەی نوێ بەکاربهێنن، بەو کۆمەڵە وشە ڕازی مەبن کە بەردەوام پێشتر سودتان لێ وەرگرتون.
٧- سود لە زاوییەی بینینی جیاواز وەربگرن. ئاگەدار بە هەمیشە ئەوەی دەینووسن با کەسی یەکەم نەبێت.
٨- ڕوداوێکی بچوکی رۆژانە یان ئەو شتە سەیرانەی دێت بە زهنتانەدا بنووسن.
تۆ تا ئێستا کام لەم ڕاێنانەت ئەنجامداوە و کاریگەری لەسەر نووسینەکانت هەبووە؟
بڕوا ڕوئیا
Comentários