ڕوو نووسین چییە؟
- Brwa Rueya
- Sep 23, 2022
- 2 min read
ئەم ڕۆژانە ڕاهێنانی "ڕوو نووسین" زیاتر لە هەر تەمرینێکی تر دەکەم.
ڕوو نووسین واتە لەبەر نووسینەوە. چۆن لە مەکتەب مامۆستا دەیگوت بچن ئەم بابەتەم بۆ بنووسنەوە، ئەمیش هەر وایە.
ڕوو نووسین یەکێکە لەو تەمرینانەی فێری ئەوەت دەکات کە چۆن وشەکان لە شوێنی خۆیاندا بەکار بهێنیت. هەرچەندە لای خۆت بڵێیت من چەند ساڵە خۆ بە کوردی دەنووسم ئیتر ئەمە چی قسەیەکە، بەڵام ئەوە بزانن ڕێنووس ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشتر دەڕوات و یاساکانی پەیتاپەیتا گۆرانی بەسەردا دێت. شاعیری فارس ئەحمەدی شاملو لە شوێنێکدا دەڵێت من لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا فێری ئەوە بووم بە دروستی بنووسم.
جگە لەوانەش سوودی دیکەی یەکجار زۆرە، بۆ نموونە؛
کاتێک نازانی دەربارەی چی بنووسیت، ئەوا هەر کتێبێک ڕێنووسەکەیت لا جوانە، لەبەردەم خۆتی دابنێ و دەست بکە بە نووسینەوەی.
کاتێک دێڕەکان دەنووسی، ئەو کات هەست دەکەیت نووسینەوەی وشەکان، لەگەڵ خوێندنەوەیان بە خێرایی چەند جیاوازی هەیە.
دەشکرێت ڕوو نووسین بکەیت بە ڕێگەیەک بۆ دووبارە خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی لات گرنگن.
چەندین کتێب هەیە کە دەزانین یەکجار خوێندنەوەیان کافی نییە، بۆیە دەکرێت ڕوو نووسین لەو بارەوە کۆمەکیمان بکات.
خاڵی کۆتای، ڕوو نووسین ڕەمز و ڕازی نووسیارت بۆ دەکاتەوە، کە چۆن دەقەکەی داڕشتووە.
هەر جارە و سەرنج لەسەر خاڵێک چڕ بکەرەوە. بۆ نموونە پەرەگرافەکان چۆن دەستیان پێکردووە؟
هیچ کات کام وشانە بەکار نەهاتوون لە سەرەتادا؟ یان بە پێچەواوە کام وشانە بەکار هاتوون...
"چیخۆف"ی گەورە چیرۆکنووس لەسەر ڕۆمانەکانی تۆڵتستۆی ئەم تەمرینەی دەکرد.
لە هەمووی گرنگتر هەمیشە بە ئاگاییەوە دیقەتی ئەوە بدە،
نووسیار چۆن دەست دەکات بە باسکردنی بابەتەکە و چۆن کۆتایی پێ دەهێنێت.
هەڵبەتە هەندێک خاڵ گرنگن، نووسەر هەوڵ دەدات چەند جارێک دووبارەیان بکاتەوە بە چەند شیوەکی جیاواز بۆ ئەوەی مەبەستەکەی باشتر بگات...
ئەگەر دەتەوێت ئەو بابەتانەی دەینووسی جوانتر و جیاوازتر بێت، ئاوا ئەم ڕاهێنانە هەموو ڕۆژ ئەنجام بدە. حەتا ئەگەر دوو دێڕیش بووە.
بڕوا عومەر
هەر سەرنج و تێبینییەکت هەیە، خۆشحاڵ دەبم لە کۆمێنت بۆم بنووسە.
Kommentare